چۆن لەکاتی کارکردن چێژ وەربگرم؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-20:13:00 - کۆدی بابەت: 3664
چۆن لەکاتی کارکردن چێژ وەربگرم؟

ناوه‌ڕۆك

گرنگی كاركردن

كاركردن بە شادەماری بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگە دادەنرێت، هەر نەتەوەیەك گەر كاركردن تێیدا زۆر و فراوان بێت ئەوا پێشەكەوتوو دەبێت، هەروەها بە كاركردن مرۆڤی تەمبەڵ لە مرۆڤی چالاك و بەتوانا جیادەكرێتەوە، بەدەست كەسەكان خۆیانە كە كارەكانیان ڕۆتینی و دووبارەبێت یان چێژبەخشبێت، لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە كە لە مێشكی زۆربەماندا هەیە كە بریتییە لە: چۆن چێژ وەربگرم لەكاتی كاركردندا؟

چۆنییەتی چێژوەرگرتن لەكاتی كاركردندا

چۆن دڵخۆشبم لەكاتی كارەكەمدا یان چۆن خۆشی وەربگرم لەكاتی كاركردنمدا، ئەم پرسیارانە لە مێشكی زۆربەی كارمەند و فەرمانبەری بەشە جیاجیاكاندا هەیە، هەروەها هەمیشە بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن بۆ نەهێشتنی بێزاری كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی حەزی كاركردن، لێرەدا چەند خاڵێك باسدەكەین بۆ چێژ وەرگرتن لە كارەكەت:

  • ڕۆژەكەت بە كردنی شتێك دەستپێبكە كە حەزت لێیە، وەك خواردنەوەی كووپێك قاوە، یان وەرزشكردن.
  • دۆزینەوە شێوازێكی نوێی كاركردن یان نوێكاریكردن لە كارەكەتدا.
  • گرنگیدان بە پاكوخاوێنی شوێنی كارەكەت و هەروەها ڕێككردنی كەلوپەلەكانت.
  • كردنی هەندێك چالاكی لەكاتی كارەكەتدا، وەك پیاسە كردن بەناو شوێنی كارەكەتدا.
  • سوودوەرگرتن لە كاتی پشوو هەروەها چوونەدەرەوە بۆ وەرگرتنی هەوایەكی پاك، یان نان خواردن.
  • لە كەسانێك نزیك بكەوە كە وات لێبكەن كارەكەت خۆشبوێت و ورەت پێببەخشن.
  • هەوڵدان بۆ دووركەوتنەوە لە كێشە و فشار.
  • جیاكردنەوەی ژیانی تایبەت و كارەكەت

چارەسەری جیانەكردنەوەی كار و ژیانی تایبەت

لە خاڵەكانی پێشوودا باسی چۆنیەتی چێژوەرگرتنمان كرد لەكاتی كاركردندا، بەڵام هەندێك جار كەسەكان تووشی كێشەی تر دەبن، كە هۆكارەكەی جیانەكردنەوەی ژیانی تاكەكەسی و كاركردنە، كە جیانەكردنەوەیان دەبێتە هۆی فشاری بەردەوام بۆ سەر كەسەكە و دروستكردنی كێشەی دەروونی بۆی، هەروەها كاركردنی بەردەوام دەبێتە هۆی دابڕانی كەسەكە لە هاوڕێ و خێزانەكەی، بۆیە ئەو كەسانەی كە ئەم كێشانەیان هەیە و ناتوانن ژیانی تایبەتیان لە كاركردن جیابكەنەوە باشتر وایە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن:

ڕێكخستنی كات: پێویستە كاتەكانت بەسەر كارەكانتدا دابەش بكەیت نەك هەموو ئەركەكانت لە ڕۆژی پشوودا ئەنجامبدەیت و توانای پشوودانت نەبێت.

پلاندانان: باشتر وایە پلانی هەفتانە دابنێیت بۆ ئەنجامدانی كارەكانت بۆ ئەوەی ئەركە خێزانییەكانت لەبیر نەكەیت، هەروەها دەبێت پلانەكەت دوو بەش بێت یەكێكیان بۆ كاتی كارەكەت ئەوەی تریان بۆ كاتێك كە لە ماڵەوەیت.

كاری زیادەنەكردن لە ماڵەوە: لەبەرئەوە تەكنەلۆژیا پێشكەوتووە سەرپەرشتیاری كارەكان دەتوانن زۆر بەئاسانی پەیوەندی بەكارمەندەكانییەوە بكەن، بۆیە دەبێت كەسەكە فێرببێت چۆن ئەركی زیادە ڕەتبكاتەوە بەبێ توڕەكردنی سەرۆكی كارەكەی.

خواردنی تەندروست: دەبێت گرنگی بە تەندروستی جەستەمان بدەین و خواردنی تەندروست بخۆین.

خەوی پێویست: كەمخەوی دەبێتە هۆی زیادكرنی فشاری دەروونی و هیلاكبوون، هەروەها نابێت ئامێرە زیرەكەكان بەكاربهێنین پێش كاتی خەوتن چونكە دەبێتە هۆی كەمخەوی.

دیاریكردنی كاتی پشوودان: دوای ڕۆژێك لە كاركردن پێویستت بە پیشوودان دەبێت بۆیە پێویستە كات بۆ پشوودان دیاریبكەیت، وەك كتێب خوێندنەوە یان چوونەدەرەوە لەگەڵ هاوڕێكانت.

ڕێگاكانی سەركەوتن لە كارەكەتدا

تا ئێرە باسی چۆنییەتی چێژوەرگرتنمان كرد لە كارەكەت، پاشان باسی چۆنییەتی سەركەوتن دەكەین لە كارەكەتدا، چونكە سەركەوتن هەر لە خۆیەوە بەدەست نایەت، بەڵكو پێویست دەكات كەسەكە تایبەتمەندی زۆری تێدابێت بۆ سەركەوتن، وەك: خۆشویستنی كارەكەی، هەڵبژاردنی كەسانی سەركەوتوو وەك سەركردە، بە ڕاستگۆیانە كاركردن و دووركەوتنەوە لە فێڵكردن، هەروەها نەوەستان لە فێربوون، هەركەسێك بیەوێت لە كارەكەیدا سەركەوتوو بێت پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بكات:

ڕێكخستن: دەبێت كەسێكی ڕێكخراوبێت و كاتەكانی بەباشی ڕێكبخات.

خەونی گەورە و ئامانجی بچووك: ئەم وتەیە واتا دەبێت كەسەكە خەونی گەورەی هەبێت و هەوڵبدات بۆ بەدیهێنانیان، بەڵام دەبێت ئامانجەكانی دابەش بكات بۆ بەشی بچووك بچووك بۆئەوەی بەئاسانی بتوانێت ئەنجامیان بدات.

تەركیز كردنە سەر یەك ئامانج: دەبێت كەسەكە تەركیز بكاتە سەر یەك ئامانج و یەك بەهرە، چونكە گەر هەوڵی زۆر ئامانج بدەیت لە یەك كاتدا ئەوا سەركەوتوو نابیت تێیاندا.

دانپێدانان بە هەڵەكاندا: كەسی سەركەوتوو دەزانێت لە كوێدا هەڵەی كردووە و دان بە هەڵەكانیدا دەنێت.

باوەڕبەخۆبوون: كەسی سەركەوتوو دەبێت باوەڕی بەخۆی هەبێت لەكاتی بڕیارداندا.

كەم وتن و زۆر گوێگرتن: ئەو كەسانەی كە زۆر قسەدەكەن گوێ بۆ چواردەورەكانیان ناگرن بۆیە شارەزایی تەواویان نییە، بۆیە ئەو كەسانەی كە زیاتر گوێدەگرن زیاتر فێردەبن.


سەرچاوەکان



1538 بینین